ژنان و .... كاتی گونجاو بۆ باس و كێشه‌ی خێزانیی |
ژنان و .... كاتی گونجاو بۆ باس و كێشه‌ی خێزانیی
زۆر جار پیاوان ژنان به‌وه تۆمه‌تبار ئه‌كه‌ن كه ژن كاتی گونجاوی نیه بۆ گفتوگۆ و هه‌ر باس و گرفتێكی ناو خێزانه‌كه، به‌ڵكو زۆر جار له كاتێكی ناگونجاو و خراپ باسه‌كانی ده‌ست پێ ئه‌كات و به‌مه‌ش پیاوه‌كه ئه‌وه‌نده‌ی تر توڕه ئه‌كات و ده‌رگای گفتوگۆ و دواندن له‌سه‌ر كێشه‌كان به داخراوه‌یی به‌جێ دێڵێت. به‌لای ژنه‌كه‌وه‌ش چاوی له‌وه‌یه كه پیاو هه‌رگیز كاتی گونجاوی نیه بۆ باس و گفتوگۆ، پیاوه‌كه هه‌میشه هه‌وڵ ئه‌دات خۆی بدزێته‌وه له كفتوگۆ و ئه‌و كێشه و باسانه‌ی پێویسته قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.
ئافره‌ت به سروشتی خۆی ناتوانێت ئه‌وه‌ی له‌ناخی دروست بووه له هه‌ست و بۆچون و ئه‌و شتانه‌ی پێی توڕه بووه ده‌ری نه‌خات و بیشارێته‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ش خۆی ناگرێت باسه‌كه دوا بخات بۆ ئه‌و كاته‌ی پێی ئه‌وترێت كاتی خۆی یا كاتی گونجاو به‌ڵكو زۆر جار به‌لایه‌وه گرنگ نیه، وه هه‌ندێ له ئافره‌تانیش بیر له بینینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر ناكه‌ن بۆ كێشه‌كه ئه‌وه‌نده‌ی به‌لایه‌وه گرنگه باس له كێشه‌كه بكات و ئه‌وه‌ی له‌ناخیدا كۆ بۆته‌وه ده‌ری بهێنێت. هه‌ندێكیش له ئافره‌تان پێیان وایه كه پێویسته پیاو ته‌حه‌مولی ژنه‌كه‌ی بكات و توڕه‌یی ژنه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت، وه گه‌ر پیاوه‌كه‌ی ته‌حه‌مولی ئه‌م نه‌كات ئه‌ی كێ ته‌حه‌مولی بكات وهه‌ست و سۆزی ڕابگرێت، هه‌روه‌كو چۆن پێویسته ژن بارودۆخی پیاوه‌كه‌ی ڕابگرێت به‌هه‌مان شێوه‌ش پیاو له‌سه‌رێتی ته‌حه‌مولی ژنه‌كه‌ی بكات كاتێك توڕه بووه‌و پێویستی به كه‌سێك هه‌یه گوێی لێ بگرێت و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكات. هه‌ندێكیش له ژنان وای ئه‌بینن كه هه‌ركات كێشه‌یه‌ك ڕوو بدات له‌هه‌مان كاتدا پێویسته له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌ی قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه، خۆ گه‌ر خه‌تای پیاوه‌كه بوبێت و ئێستا باس نه‌كرێت ئه‌وا هیچ كات كاتی گونجاو بۆ ئه‌م باسه دروست نابێته‌وه‌و له‌پاشاندا كێشه‌كه وون ئه‌بێت، به‌ڵام گه‌ر كێشه‌كه په‌یوه‌ندی هه‌بوبێت به منداڵه‌كانه‌وه یان شتی تر ئه‌وا ژنه‌كه ئه‌توانێت به ئاسانی كاتێكی گونجاوی بۆ ببینێته‌وه.
نهێنیه‌كانی گفتوگۆی سه‌ركه‌وتوو: بێ ئه‌وه‌ی بڕوانین له ئاستی پێشوازی پیاوه‌كه له‌و كێشه‌و باسانه‌ی ژنه‌كه‌ی ئه‌یخاته ڕوو وه ئاستی توانای ژنه‌كه بۆ دۆزینه‌وه‌ی كاتێكی گونجاو بۆ پیاوه‌كه‌ی تا زیاتر له‌گه‌ڵیدا به‌شدار بێت بۆ بینینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، توێژه‌ره‌وانی ژیانی هاوسه‌رێتی هه‌ندێ ڕێنومایی و ئامۆژگاریی به‌سوودیان خستۆته به‌ر ده‌ستمان تاكو گفتوگۆی نێوان دوو هاوسه‌ره‌كه زیاتر چالاك و سوودبه‌خش بێت، ئه‌وه‌شمان له‌یاد نه‌چێت لێهاتویی له ژیانی هاوسه‌رێتی شاره‌زاییه‌كی زۆر ئه‌به‌خشێت به ژنه‌كه له چۆنیه‌تی به‌ده‌مه‌وه‌چونی پیاوه‌كه‌ی و چۆن بتوانێت بچێته ناو دڵیێوه، له‌و ئامۆژگاریانه‌شی ویستمان ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین: یه‌كه‌م: بنچینه‌ی گفتوگۆی سه‌ركه‌وتوو له‌سه‌ر ڕێز و خۆشه‌ویستی بنیات ئه‌نرێت، هه‌روه‌ها سه‌بر و ئارامی پێویسته له زۆر حاڵاتدا. دووهه‌م: ژنه‌كه ئه‌توانێت هه‌ندێ جار شێوازی ناڕاسته‌وخۆ به‌كار بهێنێت بۆ خاڵ خستنه‌سه‌ر پیته‌كان و ئه‌وه‌ی ئه‌یه‌وێت بیڵێت پێی بگه‌یه‌نێت به‌بێ برینداركردنی هه‌ست و دڵی پیاوه‌كه‌ی. سێیه‌م: پێویسته له‌سه‌ر ژنه‌كه ڕووی پیاوه‌كه‌ی بخوێنێته‌وه تاكو باری ده‌روونی بزانێت، ماندووه یان نا، تاكو بزانێت كاته‌كه گونجاوه باسی له‌گه‌ڵ بكاته‌وه یان نا، وا نه‌كات ئاره‌زووی قسه‌كردنی له‌سه‌ر خودی كێشه‌كه بیجوڵێنێت و هه‌ر پیاوه‌كه گه‌شته ماڵ خێرا خۆی نه‌گرێت و یه‌خه‌ی پێ بگرێت، چونكه گرنگتر له باسی كێشه‌كه ئه‌وه‌یه چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزیته‌وه، به‌م ئامانجه‌ش ناگه‌یت گه‌ر به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ئاماده‌یی تیا نه‌بوو بۆ وه‌رگرتنی باسه‌كه‌ت و گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كات. چواره‌م: هه‌ندێ جار له‌سه‌ر نانخواردن باس له كێشه‌كان ئه‌كرێت و ئه‌مه‌ش كاتی گونجاوی خۆی نیه، به‌ڵكو دانشتنی شه‌وانه‌و یان له‌كاتی چوونه ده‌ره‌وه و هه‌ندێ كاتی تر به هه‌لێك وه‌ربگیردرێت. پێنجه‌م: ژنه‌كه خۆی دوور بگرێت له‌وه‌ی باس و كێشه‌كان بكاته‌وه له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه به‌تایبه‌ت گه‌ر پیاوه‌كه له‌سه‌ر كار بوو، چونكه شوێنی كار هیچ كات گونجاو نیه بۆ گفتوگۆكردنی كێشه‌و باسی خیزانیی. شه‌شه‌م: هه‌ندێ باس هه‌یه ژنه‌كه هه‌میشه قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌كاته‌وه، به‌ڵام كاتی به‌سه‌ر چووه و كاتی ئه‌وه نه‌ماوه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی تیایدا ڕووی داوه ڕاست بكرێته‌وه، بۆ نمونه ژنه‌كه باسی كه‌موكوڕی پیاوه‌كه بكات له ڕۆژانی ده‌ستگیرانی و ماره‌بڕییدا، یان له‌كاتی گواستنه‌وه‌و سه‌ره‌تای ژیانی هاوسه‌رییان، ئه‌م شتانه كاتی ڕۆشتووه‌و ناگه‌ڕێته‌وه تا چاك بكرێته‌وه، پیاویش به گشتی ڕقی ئه‌بێته‌وه له شتێك كاتی به‌سه‌ر چوبێت و ئێستا ژنه‌كه‌ی ده‌مه‌ته‌قێی له‌سه‌ر بكات، بێگومان ئه‌م باسانه هیچ سودێكی نیه و بۆشاییه‌ك زیاتر دروست ئه‌كات له‌نیوان دوو هاوسه‌ره‌كه و ڕه‌نگه زه‌حمه‌ت تر بێت پڕ بكرێته‌وه چونكه چاره‌سه‌ری نیه. حه‌وته‌م: پێویسته ژنه‌كه ئه‌وه بزانێت كه زۆربه‌ی پیاوان وا تێئه‌گه‌ن قسه‌ی ژن بێ سووده، ژنه‌كه ته‌نها خه‌می كڕین وبازاڕێتی وهیچی تر، زۆرجاریش هه‌موو داخوازیه‌كانی له سنوری بازاڕ و قسه هێنان وبردنه، بۆیه پیاوه‌كه به‌لایه‌وه زه‌حمه‌ته دابنیشێت و به‌ته‌واوه‌تی گوێ له ژنه‌كه‌ی بگرێت ئه‌مه زۆر قورسه به‌لایه‌وه، لێره‌شدا پێویست ئه‌كات له‌سه‌ر ژنه‌كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچونه بسه‌لمێنێت بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئه‌بێت زیاتر زیره‌كانه بێت له‌كاتی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای هه‌ر گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی.
لێره‌شدا هه‌ندێ له‌و هۆكارانه‌ی گفتوگۆی سه‌ركه‌وتوو ئاماژه پێ ده‌كه‌ین كه یارمه‌تیده‌رێكه بۆت بۆ ڕاكێشانی باوه‌ڕی مێرده‌كه‌ت به‌لای خۆتدا و گفتوگۆی خێزانیی زیاتر سه‌ركه‌وتووتر بێت: - دانپێنان به ڕا وبۆچونی به‌رامبه‌ر و جیاوازی تێڕوانینی یه‌كتر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كان. - دیاریكردنی كاتی گونجاو بۆ هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه. - گفتوگۆكان ته‌نها له‌نێوان دوو هاوسه‌ره‌كه بێت دوور له كه‌سوكاری هه‌ردوولا و منداڵ و دۆست وبراده‌ر. - دواندن به شێوازیكی له‌سه‌رخۆ دوور له توڕه‌یی و ده‌مارگیری. - به‌كارهێنانی ووشه‌و شێوازی پاك و روون (به‌داخه‌وه له‌هاوسه‌ر هه‌یه له‌كاتی باسی كێشه خێزانیه‌كان هانا ئه‌باته به‌ر توڕه‌یی و خۆزاڵكردن). - خۆدوور گرتن له فه‌رمان كردن (وه‌كو تۆ ئه‌بێت وا بكه‌یت یان بۆت نیه وا بكه‌یت.... هتد). - پشت به‌ستن به سیاسه‌تی بڕواپێكردن (قه‌ناعه‌ت پێكردن به به‌رامبه‌ر). - پێویسته گوێ بگریت بۆ به‌رامبه‌ر و وا لێت بگات كه به‌ڵێ تۆش گوێی لێ ئه‌گریت. - تا بتوانرێت خۆ دوور بگریت له باسی دوور‌و درێژ كه ژن زیاتر حه‌زی پێیه‌تی و پیاویش ڕقی لێیه‌تی، چونكه ئه‌م شێوازه له بابه‌ته سه‌ره‌كیه‌كه لات ده‌بات و ئه‌چنه‌وه سه‌ر كێشه‌ی لاوه‌كی یان باسێكی كۆنی تر. - پێویسته له‌كاتی گفتوگۆكردندا له‌یادت بێت كه ئامانج گه‌یشتنه به چاره‌سه‌ر و ئه‌نجامێكی ئیجابی نه‌ك تۆمه‌تباركردنی به‌رامبه‌ر یان گه‌وره‌كردنی كێشه‌كه.
- له‌لایه‌ن: ماڵپه‌ڕی خوشكان |
نبذة عن الكاتب
نشرت بواسطة AsmaA
على السبت, أبريل 02, 2011. تحت سمات
.
يمكنك متابعة الردود على هذا الموضوع من خلال الدخول RSS 2.0.
لا تتردد في ترك ردا على
By AsmaA
on السبت, أبريل 02, 2011. تحت وسم
.
تابع اخبارنا على RSS 2.0. اترك رد على الموضوع